Go to ...

کۆڕی زانیاری ئەدیبانی کورد on Google+کۆڕی زانیاری ئەدیبانی کورد on YouTubeRSS Feed

هەمایشی “توێژینەوە و خەسارناسی کیمیابارانی سەردەشت لە ڕوانگەی سیاسی، دەروونناسی و ماڤەوە


هەمایشی “توێژینەوە و خەسارناسی کیمیابارانی سەردەشت لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی، زانستی سیاسی، دەروونناسی و ماڤەوە”
شەوبۆ خزری/جام کوردی

به بۆنەی ٣٠مین ساڵروژی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە لایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە، بە کۆششی ئەنجومەنی بەرگری لە مافی تووشبوانی کیمیابارانی سەردەشت، کۆڕێکی زانستی توێژینەوە و خەسارناسی لەسەر دەرهاوێشتەکانی ئەو کارەساتە بەڕێوەچوو.
بیرۆکەی سەرەتایی ئەو کوڕە له لایەن مامۆستای بەڕێزی زانکۆی شەهید بەهەشتی تاران، دوکتۆر موحەمەد عەلی ئەردەبیلی پێشنیار دراو دواتر به هاوکاری زۆرێک له مامۆستایان و پسپۆڕانی بواره زانستیەکانی وەک: ماڤ، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، زانستی سیاسی و یاسای نێودەوڵەتی کاری لە سەر کراو له ڕۆژی پێنجشەممه ڕێکەوتی ۸ پووشپەر له هۆڵی ئامفی تیاتری دایرەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی شاری سەردەشت بەرێوەچوو.
ئامانجی ئەو کۆڕە ناساندنی زانستیانە کارەساتی کیمیابارانی سەردەشت به کۆمەڵگای ئێران و جیهان بوو، بۆ ئەوەی که بتوانرێت به زمانێکی زانستی باس لە ڕەنج و ئازاری قوربانیانی ئەو کارەساتە بۆ خەڵکانی دیکە بکرێت، تاکوو دوای سی ساڵ هاواری تووشبوانی کیمیابارانی سەردەشت دەنگێکی نەبیستراو نەبێت؛ هەروەها هەڵسەنگاندن و لیکۆڵینەوە لە ئاسەواری ڕووخێنەری کیمیاباران له سەر جەستە و دەروونی خەڵکی سەردەشت بە دیدێکی زانستی باس بکرێت و ببێتە بنەمایەک بۆ ئاوڕدانەوەی کرداری بەو ماڤ و ئازارانەی کە تاکوو ئێستا پشت گوێ خراون و کەمترین ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە. دیاردەیەک کە دەبێت لایەنە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکانی بە شێوەیەکی زانستیانە و کارامە بخرێنە بەر لێکدانەوە و کاراکرنەوە.
کۆڕەکە لە سێ پانێلی؛ ماڤ، سیاسی- نێونەتەوەیی و کۆمەڵناسی – دەرونناسی دا بەڕیوە چوو. بەشداربووانی پانێلی ماڤ بریتین بوون لە: پرۆفێسۆر محەمەد عەلی ئەردەبیلی، دوکتور سەتار عەزیزی، دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدی کە بە گشتی باسیان له کیمیاباران وەک تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانێکی جەنگی کرد. ڕونکردەنەوەی ئەرکەکانی دەوڵەتی ئێران لە هەمبەر قوربانیان و بەرکەوتوانی ئەو کارەساتە و ماڤە یاسایی و مادییەکانیان چەند باسێکی تر بوون کە لەو پانێلەدا لە سۆنگەی ماڤی مەدەنی و تاوانناسییەوە تیشکی خرایە سەر.
لە پانێلی سیاسی دا کە لە لایەن ئەردەشیر پەشەنگ بەڕێوەبرا، بەڕێزان دوکتور موستەفا ڕەشیدی، دوکتور سەحەر سەنیعی، دوکتور ڕەحمەت حاجی مینە و ئەردەشیر پەشەنگ وتاریان پێشکەش کرد و لە دووتوێی باسەکانیاندا ئاوڕیان لەو هۆکارانە دایەوە کە لە ڕووی سیاسەوە ڕێگر بوون لە ڕوودانی ئەو کارەساتە و هەروەها ناساندنی وەک تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی لە لایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە. ئەو کێشە سیاسی و نێونەتەوەییانەش کە هەنووکە رێگرن لە ئاوڕدانەوەیەکی بە جێ و پێویست لەو ئازارە سی ساڵە لە درێژەی پانێلەکەدا بە وردی شیکرانەوە.
له پانێلی دەروونناسی و کۆمەڵناسی دا کە بە بەشداری دوکتۆر ئەبولقاسمی عیساموراد (مامۆستای زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران)، دوکتۆر هادی نەقدی و دوکتۆر مەسعوود بینەندە بەڕێوە چوو، سەرەتا دوکتور عیساموراد و دوکتور نەقدی لە ڕووی زانستی دەرونناسیەوە ئەو کێشە و گرفتە دەروونیانەی که کۆمەڵگای سەردەشت بە تایبەت و کۆمەڵگای کوردی بە گشتی بردۆته ژێر کاریگەری خۆی و چۆنیەتی دابینکردنی ڕیگای چارەسەریان باس کرد. دوکتۆر مەسعوود بینەندە ش له بواری کۆمەڵناسی کیمیابارانی سەردەشتی خستە بەر باسێکی شیکاری.
جێی ئاماژەیە که دوکتۆر عیساموراد پێشنیاری هاوکاری به خەڵکی سەردەشت دا تا لەم رێگاوە بتوانرێ تا ڕادەیەک لە باری دەروونی تووشبووانی کیمیاباران کەم بکرێتەوەو و بەڵێنی دا که یەک ساڵی داهاتووی خۆی تەرخان کات بۆ کارکردن له سه ر ئەو بابەتە و هەوڵبدات بۆ چارەسەرکردنی کێشه دەروونیەکانی بریندارانی ئەو تاوانە.
لە بەشێکی دێکەی کۆڕەکەدا، بەڕێز دوکتۆر ئومید ڕەشیدی بە نوێنەرایەتی کانونی پارێزەرانی کوردستان و بەڕێز زانیار مینایی لا لایەن کانوونی پارێزەرانی ئازەربایجانی رۆژئاوا وتاریان پێشکەش کرد.
خاڵێکی گرنگ و جێگای پرسیار سەبارەت به سەردەشت، هەوڵی بەردەوامی خەڵکی ئەو شارە بووە بۆ ناساندنی سەردەشت به ناوی “شاری ئاشتی”، که له کۆبوونەوەکەدا لە لایەن دوکتور نەقدی یەوە بە وردی خرایە بەر باس. دوکتۆر نەقدی ئاماژەی بەوه کرد که سەردەشت نابی به “شاری ئاشتی” بناسێندرێت، چون ئاشتی له لایەن کەسێکەوه گرنگه که توانایی شەڕکردنی هەیه و بەو تواناییەوه خۆی له شەڕ دەپارێزیت و پەنا بۆ ئاشتی دەبات؛ له حاڵێکدا کە سەردەشت و خەڵکەکەی قوربانین و توانای شەڕکردنیان نییە، بۆیە واباشتره که سەردەشت “شاری دادپەروەری” بیت. ئەو باسە وتەیەکی بەڕێز موحەممەد هادی زاکیر حوسەینی لە سەر سەردەشت لا زیندوو کردینەوە کە وتبووی: “بیستوومه که خەڵکی سەردەشت هەوڵدەدەن بۆ ناساندنی سەردەشت وەک “شاری ئاشتی”؛ به ڵام سەردەشت ناتوانێ شاری ئاشتی بیت. سەردەشت خۆی ئاشتی هەیه،

شەر کۆتایی هاتووە و ئاشتی ساڵانێکی زۆره کراوه بەڵام دادپەروەری
لەم شارەدا ونە. خەڵکی سەردەشت تینووی دادپەروەرین، خەڵکی سەردشت نه له بیریان دەچێتەوه و نە دەبەخشن، خەڵکی سەردەشت له ئاشتی پڕن بەڵام له دادپەروەری بێ بەشن.”
به دڵنیاییەوه تەواوی ئامانجەکانی بەڕێوەبردنی ئەو کۆڕه زانستیەش لەو خاڵەدا کورت دەبێتەوه، واتا گەڕانەوی دادپەروەری و ماڤی ئەو خەڵکانە لە ڕێگەی قەرەبووکردنەوەی مادی و دەروونیانەوە.
خاڵیکیتر که زۆر گرنگه باسی لێبکرێت، بەشداری ئەو پسپۆڕە زانستیانە بوو کە لە دەروەی شاری سەردەشت بەشدارییان کردبوو. ئەم هەنگاوە هەنگاوێکی ئەرێنی بوو کە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوتەریب لە گەل خەڵک و چالاکڤانانی شاری سەردشت دا، چالاکڤانان و پسپۆڕانی دێکەش بە تایبەت ئەو کەسایەتیانەی کە کورد نین بەشداری پرۆسەکە بن. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ گشتگیر کردنی بابەتەکە و هەر بابەتێکی هاوچەشن و بەرزکردنەوەی کێشەکان بۆ دەرەوەی سنوورە خۆماڵیەکان.
بەڕێز دوکتور موحەمەمد سدیق، پارێزەری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە یەکێکی دی لە بەشداربوانی کۆڕەکە بوو کە لە درێژەی باسەکاندا ووتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەو بابەتە یاساییەدا کە ئیستاش رێگا بۆ داواکردنی ماڤی خەڵکی سەردەشت له دادگا نێودەوڵەتیەکان دا هەیه و تاکوو درەنگتر نەبووه دەبێت هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی بدرێت.
له کۆتایی بەرنامەکەش دا، گرووپی مۆسیقای “هەم نەوا” که لە تارانەوە بەشداریان کردبوو و لە گرووپێکی تێکەڵاو لە هونەرمەندانی منداڵ پێکهاتبوو، چەند گۆرانییەکیان به زمانی کوردی و ژاپۆنی و ئینگلیزی پێشکەش کرد.
لە چالاکییەکی دیکەشدا بە مەبەستی دەربڕینی ڕەخنە و ناڕەزایی، چالاکێکی مەدەنی کوردی خەڵکی شاری بۆکان بە ناو”فەرهاد لوتفی”مەودای ۱۵۰ کیلۆمیتری نێوان بۆکان تا سەردەشتی بە رێپێوان بڕی و لە نێوان بەرنامەکەدا پەیام و بەیانیەی خۆی بە دروشمی “نا بۆ بێدەنگی و بێ تەفاوەتی له ئاست قوربانیان و بریندارانی کیمیابارانی سەردەشت” راگەیاند و ڕەخنە و ناڕەزایی خۆی لە پێشێل کرانی مافی ٨۰۰۰زامداری شیمیایی سەردەشت دەربڕی.
کۆڕی توێژینەوە و خەسارناسی زانستیانەی کارەساتی کیمیابارانی سەردشت بێجگە لە ئەندامانی پانێل و پێشکەشکارانی وتارەکان، کۆمەڵێکی فراوان لە کەسایەتی و چالاکانی مەدەنی و ماڤی مرۆڤی لە خۆ گرتبوو کە لە شارەکانی: تاران و کرماشان و سنە و مەریوان و مەهاباد و بۆکان و سەقز و پیرانشار و حلبجە و سلێمانی، ژاپۆن و… بەشداریان کردبوو.
بەرنامەکە لە کۆتاییدا بە ڕێزگرتن لە ئەندامانی پانێل و ئەو چالاکە مەدەنیەی ڕێپێوانە ۱۵۰کیلۆمیتریەکەی بۆکان تا سەردەشتی کردبوو و بە پێشکەشکردنی تەندیسی تایبەت بە کۆڕەکە کۆتایی هات.

شەوبۆ خزری/جام کوردی ؛حلبجە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

More Stories From هەواڵەکان

About فەرهاد لوتفی,