Go to ...

کۆڕی زانیاری ئەدیبانی کورد on Google+کۆڕی زانیاری ئەدیبانی کورد on YouTubeRSS Feed

وتارێک لە بارەی شاعیر و عارفی عاشق ئەحمەدی کۆر /مستەفا ئێلخانی زادە


وتاری شاعیر و عارفی عاشق

نووسینی: مستەفا ئێلخانی‌زادە

کورتەی وتار
ئەحمەدی کۆر شاعیر و خواناسێکی گەورە بووە. لە دێی شێوەسماکی شاری شنۆ لە دایک بووە و دوایە بۆ دێی عەمبار لە ناوچەی بۆکان دەچێ و لەوێ ژیان بەسەر دەبا و هەر لەوێش کۆچی دوایی دەکا. و لەوێش دەنێژرێ و ئێستا گومبەزێکی ساکاریان لە گڵ لەسەر ساز کردووە. شیعرەکانی ئەحمەدی کۆر زیاتر ئایینی و عیرفانین و زۆربەیان لە تاریف و پەسنی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)ن تا ئێستا دیوانی شیعرەکانی لە لایەن چەن کەسێک کۆ کراوەتەوە و چاپ کراون. ئێمە لێرەدا بۆ ناساندن و زانیاری ئەم زاتە لە وتووێژێک لەگەڵ خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا مستەفا ڕەشیدی ناسراو بە «مەلا مستەفای زاواکێو»کە زانایەکی پایەبەرزی ئایینی و شاعیر و ئەدیب و توێژەرێکی ماندوونەناس و زانا بوو سوودمان وەرگرتووە و کردوومانەتە بنەمای ئەم وتارە.
دەستەوشەی سەرەکی:
ئەحمەدی کۆر – شێوەسماک – شنۆ – عەمبار – بۆکان – شیعر – عیرفان
بابەت:
ئەحمەدی کۆر کێ بوو و لە کوێ‌ڕا هات و چی کرد و لە کوێ کۆچی دوایی کرد؟
ئەحمەدی کۆر شاعیر و عارفێکی گەورە بووە و ژیان و بەسەرهاتی تێکەڵ لەگەڵ ئەفسانەیە و ئوستوورەی خواناسی و قسە خۆشی و نوکتەپەردازییە. ئێمە بۆ ئەوەی ئەم زاتە باش بناسین لە هاوینی ساڵی ۱۳۹۱ی کۆچی هەتاوی لە گوندی گردی قەبران – کە لە دێی عەمبار جوێ بۆتەوە – وتووێژێکمان لەگەڵ خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلامستەفای زاواکێو کە لێکۆڵینەوەیەکی باشی لەسەر ئەحمەدی کۆر کردووە و شیعرەکانی کۆ کردۆتەوە و لە کتێبێکدا بە ناوی: «ئەحمەدی کۆر و زانایانی عەمبار لە ساڵی ۱۳۹۱» چاپی کردوون، کردووە و لێرەدا بۆ باش ناساندنی ئەحمەدی کۆر دەیهێنینەوە:
پرسیار) جەنابی مامۆستا «مستەفا زاواکێو» تکایە کورتەیەک لەبارەی ژیان‌نامەی ئەو شاعیرە بەهرەمەندە خواناسەی کورد و ئەو کارانەی بەڕێزتان لەوبارەوە کردووتانە بۆمان باس بکەن.
وەڵام) بسم‌اللە الرحمن الرحیم الحمداللە رب العالمین و السلام علی سیدنا محمد و علی عباداللە الصالحین. سەرەتا بە پێویستی دەزانم لەمەڕ ئەو زەحمەتانەی دەیکێشن و ئەو لەخۆبوردوویانەت لە لایەن خۆمەوە سپاست بکەم. ئەمن ناوم مستەفا ڕەشیدییە بە مەلا مستەفای زاواکێو مەشهوورم لە هەمان دێی عەمبار لە دایک بووم و بۆ درێژە دانی خوێندن چوومە ئاواییەکانی تورجان و قەباغکەندی و مەدرەسەی عولوومی دینی ئەو کاتی مەهاباد و لەوێ لە ساڵی ۱۳۴۹ (کۆچیی هەتاوی) خوێندنی ئایینیم تەواو کردووە و بڕوانامەی (ئیفتا و تەدریسم) وەرگرتووە و پاشان بۆ مەلایەتی و پێش‌نوێژی چوومە دێی زاواکێو کە دوامین دێی ئازەربایجانی ڕۆژاوایە و ۷۰ کیلۆمەتر لە بۆکانەوە دوورە و لەو دێیە دوور و بێ‌بەشانەیە. سێ ساڵان لەوێ بووم و لە پاڵ ئەرکی دینی و پێش‌نوێژی و ڕێنوێنی ئایینی خەڵک خەریکی وەکۆ کردنی شیعرەکانی ئەحمەدی کۆر و لێکۆڵینەوە لەبارەی ژیان و ئاسەوارەکانی ئەم شاعیرە خواناسە و کاروباری ئەدەبی و کەلتووریی کوردی بووم. تاوەکوو لە ساڵی ۱۳۷۹دا گواستمەوە بۆ شاری بۆکان و ئێستا لە مزگەوتی نەبی بەشی میراوای بۆکان خەریکی پێش‌نوێژی و ئەرکە پیرۆزەکانی ئایینیم و لە پاڵ ئەم ئەرکەشدا خەریکی کاری نووسین و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەم. تا ئێستا دوو کتێبم بە ناوەکانی «شێخ ئەحمەدی کۆر و زانایانی عەمبار» و «هەگبەی بنار» نووسیوە کە ئامادەی چاپ و بڵاو کردنەوەن. لەبەر ئەوەی من لەو دێیە دەستم بە خوێندن لە حوجرەی مزگەوت کردووە و ماڵی بابم لە دێی عەمبار بووە، کۆمەڵێک شتی زۆرم لەبارەی ئەحمەدی کۆرەوە لە پیرە پیاوان و بەساڵاچووانی عەمبار بیستبوو، هەر بۆیە وام پێ‌باش بوو بۆ ئەوەی ئەم زانیارییانە نەفەوتێن ژیان‌نامە و ئاسەوارەکانی ئەم مرۆڤە گەورەی ناوچەی موکریان کە لە گوندی «شیوەسماق» سەر بە شاری شنۆ لە دایک بووە و بە پێی ئەو زانیارییانەی وەدەس کەوتووە ئەو لە ساڵی ۱۳۷۲ی کۆچیی مانگیدا زیندوو بووە و لە ساڵی ۱۳۰۵ی کۆچیی مانگیدا کۆچی دوایی کردووە؛ کۆکەمەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانە گۆیا ئەحمەدی کۆر هەتا تەمەنی ۱۴ ساڵان چاوی ساغ بووە. لەو تەمەنەدا تووشی نەخۆشی هاوڵە(خروێرکە) بووە و بەو نەخۆشییە کوێر بووە. ئەو لە تەمەنی ۱۵ ساڵاندا لەگەڵ کچێکی خەڵکی ناوچەی شنۆ ژیانی هاوسەرایەتی پێکدێنێ و دوای مردنی بابی سەرپەرشتی بنەماڵە وەئەستۆ دەگرێ. شێخ ئەحمەد دوو کوڕ و کچێکی بووە. کوڕەکانی یەکیان ناوی محەممەد و ئەوی دیکە قادر بووە و کچەکەشی ناوی لەیلا بووە. پاشان لە شنۆڕا بار دەکا بۆ گوندی عەمبار کە لە نزیک بۆکانە و سەر بە ناوچەی چۆمی مەجیدخانە و لەوێ نیشتەجێ دەبێ.
بە هۆی هێندێک کێشەی بنەماڵەیی کوڕەکانی هەڵدێن بۆ عێڕاق و لەیلای کچی لەوێ دەدا بە شوو. شێخ زۆر بۆ کوڕەکانی پەرۆش بووە و ویستوویەتی بە دوویاندا بچێ. شێخ لەگەڵ چاوساغێک دەچێ بۆ سلێمانی بە دوای کوڕەکانیدا. چاو ساغەکە لەسەر کێوێکی بەرز لە قەراغ چۆمی «چۆمان»ی عێڕاق بە ناوی شاخی «گومۆ» ئەحمەدی کۆر بەجێ دەهێڵێ. ئەحمەدی کۆر لەسەر لووتکە بووە نەیتوانیوە لە جێی خۆی بجووڵێتەوە. چونکە هەر لە جێی خۆی بجووڵابایەوە هەڵدەدێرا. بە ناچاری زۆر دەلاڵێتەوە و لەبەر خودا دەپاڕێتەوە کە با هانایەوە بێ. دوای ۲۴ کاتژمێر خوا بەزەیی بەو کوێرە دادێ و کەسێک دێ دەستی دەگرێ و پێی دەڵێ «ئەحمەد لێرە چ دەکەی؟» شێخ ئەحمەد دەڵێ چاوساغەکەم منی بەجێ‌هێشتووە و ماومەوە. پیاوەکە پێی‌کوت: «ئەتۆ لەگەڵم وەرە من ڕێگە بە تۆ نیشان دەدەم». ئەحمەدی کۆر دەباتە سەر ڕێگەکە و پێی‌دەڵێ: «بەو ڕێیەدا بڕۆ.» ئەحمەدی کۆر پاش ماوەیەک بیر دەکاتەوە دەبێ ئەو کەسە کێ بووبێ؟ دەڵێن خدری زیندە هەیە بە هاواری ڕێ‌لێ‌ون‌بووان دەگا. حەتمەن ئەو کابرایە خدری زیندوو بووە. دیسان ڕێی‌خۆی خوار دەکا و وا دەنوێنێ ڕێی لێ‌ون بووە. پاش ماوەیەک هەر ئەو پیاوە دێتەوە و دەستی دەگرێ و دەڵێ: «ئەحمەد دیسانیش ڕێت لێ‌ون بووە؟» پاشان دەستی دەگرێ و دەیباتەوە سەر ڕێبازەکە و دەڵێ لێرە دانیشە کاروانێک دێ و لەگەڵ خۆی دەتبا بۆ سلێمانی. شێخ ئەحمەد دەستی ئەو پیاوە دەگرێ و دەڵێ دەبێ بە من بڵێی ئەتۆ کێی؟ پیاوەکە دەڵێ: «من خدری زیندەم». ئەحمەدی کۆر دەگری و دەستی توند دەگوشێ و دەڵێ دەبێ دۆعام بۆ بکەی. ئەو کەسە دۆعای بۆ دەکا و لێوی ماچ دەکا. هێندێک کەس پێیان وایە ئەحمەدی کۆر لەو کاتەوە ڕوو دەکاتە تاریف و پێداهەڵکوتنی حەزرەتی ڕەسووڵ.
ئەحمەدی کۆر دەچێتە عێڕاق و لە سلێمانی بە خزمەت کاک ئەحمەدی شێخ دەگا و دوای گەڕانەوە بۆ دێی عەمبار چەند ڕۆژ پێش مردنی خەڵک کۆ دەکاتەوە و پێیان دەڵێ: «من شەوی هەینی لە خزمەت ئێوە مەرەخەس دەبم و ئەم جیهانە فانییە بەجێ‌دێڵم و دەگەڕێمەوە بۆ لای پەروەردگاری خۆم، ئەگەر من مردم گومبەزێکی چکۆلە لەسەر مەزارەکەم دروست بکەن. هەر هەمان شەوی هەینی کە بۆخۆی کوتبووی، بۆ لای خوا دەگەڕێتەوە و خەڵکی دێیەکانی داشبەند، هەباساوا، حەمامیان و عەمبار و گوندەکانی دەوروبەر لە دێی عەمبار کۆ دەبنەوە و تەرمەکەی لە گۆڕستانی گردی قەبران بە خاک دەسپێرن. ئەوکات ئێرە ماڵی لێ‌نەبووە. پاشان ئەم خانووانەی کە دەیانبینن دروست کراون و ناوی نراوە دێی گردی قەبران. ئەوە بوو ژیان‌نامەی ئەحمەدی کۆر. وەک دەڵێن ئەحمەئی کۆر لە ساڵی ۱۳۰۵ یان ۱۳۰۴ی کۆچیی مانگی ئەمری خودای بەجێ هێناوە.
گڵکۆی زانایانی ئایینی وەک مەلا شەفیع بابی مەلا عیسامەددین شەفیعی و مامۆستا مەلا حەمەدەمین ئەشعەری و شاعیری گەورە مامۆستا محەممەد نووری و کەسانی دیکە لەو دەوروبەرانەدا نێژراون.
پرسیار) مامۆستا زاواکێو شیعرەکانی ئەحمەدی کۆر لە ڕابردوودا چۆن کۆ کراونەوە، لەبارەی چاپی شوێنەوارەکانی و ئەو کارانەی بەڕێزتان کردووتانە و سەرچاوەکانی بفەرموون.
وەڵام – بە سپاس لە ئاغای ئێلخانی‌زادە، شێخ ئەحمەدی کۆر شیعرەکانی هەموو عیرفانین. لە ڕابردوودا کەم کەسی وا بووە دەنگێکی خۆشی بێ یان دەروێش و ئەهلی سۆفیگەری و عیرفان بێ شیعرەکانی ئەحمەدی کۆری لەبەر نەبێ و ئەم جەماعەتە شیعرەکانی ئەحمەدی کۆر بە دەنگی خۆش لە مزگەوت و خانەقا و لە پارشێوانی مانگی ڕەمەزان و مەولووددا دەکوت و چێژ و لەززەتیان بە خەڵک دەگەیاند. شاعیران و نووسەرانی ئێمەش شیعرەکانی ئەحمەدی کۆریان لە زمان و سینگی وان دەدۆزییەوە و دەردەکێشا.
بەر لە من ئاغای سەید نەجمەددینی ئەنیسی کتێبێکی داناوە. ئەحمەدی کۆر جگە لە شیعرەکانی قسە و نەقڵی خۆشیشی کوتووە و لەوڕا بۆ ئەو گوێزراوەتەوە. ئەحمەدی کۆر لە هۆزێکی گەورە بە نێوی «سەرەگا» بووە و لە ناوچەکانی شاروێرانی مەهاباد و چۆمی مەجیدخانی بۆکان و ناوچەی شنۆ بڵاو بوونەوە. ئەم هۆزە زۆربەی شیعرەکانی ئەحمەدی کۆریان لەبەر بووە. ئەوان دەیانکوت و من دەمنووسینەوە. تا ئێستا شیعرێکی زۆری ئەحمەدی کۆرم کۆ کردۆتەوە و نووسیومن و ژیان‌نامە و بیرەوەرییەکانم نووسیوە و بیر و ڕای زۆر کەسانی بەناوبانگم وەک: «سەید عەبدولقادر سەیادەت، مامۆستا حەقیقی، مامۆستا قازی خزری»م لەبارەی ئەحمەدی کۆردا نووسیوە.
پرسیار) وەک وەدەردەکەوێ توێژینەوەکەی ئێوە هەم باری کتێبخانەیی و کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی نووسراو بووە و هەم باری مەیدانیشی بووە و ئەوە شتێکی پڕ بایەخە. بەڕێزتان ئاماژەتان بەوە کرد. عەمبار لە ڕابردوودا دێیەک بووە و دوای ئەوەی لافاوی ساڵی ۱۳۵۳ ئەوێی ڕووخاند. هێندێک لە خەڵکەکە هەر لەوێ مانەوە و سەر لە نوێ خانووە ڕووخاوەکانیان چاک کردەوە و بەشێکیشیان لێرە لە نزیک گۆڕستانی ئاوایی عەمبار خانوویان دروست کرد و ئەو دێیە تازە ناونرا «گردی قەبران» بەڕێزتان بە سەرنجدان بەوە کە ماوەیەکی زۆر لە ئاوایی عەمبار ژیاون لە کەسانی پیر و بەساڵاچووی عەمبار چ کەسانێک یارمەتیان داون و شتیان لەبارەی ئەحمەدی کۆرەوە بۆ گێڕاونەوە؟
وەڵام – من کە لێرە بووم هێندێک شتم دەبیست لە کەسانێکی وەک برایم قالان کە پیاوێکی بەساڵاچوو بوو و هەروەها خاڵە مامە، مام پیرۆت، حاجی عەزیز، حاجی فەقێ عەلی ئەوانە تەمەنیان زۆر بوو و بیرەوەرییەکی زۆریان لە ئەحمەدی کۆر لە مێشکیدا مابوو و من ئەو شتانەی لەوانم دەبیست دەمنووسینەوە. لەم دواییانەشدا کاک ناسر عەلییار کە پیاوێکی زانایە و کاک حەمەی مستەفا عەزیزیش لەوانەی بیستبوویان زۆر شتیان بۆ گێڕامەوە. لە هەر کەسێکی جێی متمانە شتێکم بیستبا دەمنووسییەوە و هەروەها لەم کتێبانەش: ۱- دیوانی ئەحمەدی کۆر گردەوەکۆیی سەید نەجمەددینی ئەنیسی ۲- دیوانی شێخ ئەحمەدی کۆر گردەوەکۆیی مەلا عەزیز داشبەندی ۳- ژیان‌نامەی عورەفا و ئودەبا گردەوەکۆیی بەڕێز قازی محەممەدی خزری ۴- تەڵای دەستەوشار گردەوەکۆیی و نووسراوی سەدیق بۆرەکەیی بۆ ئەم کتێبەم کەڵک وەرگرتووە.
پرسیار) لە خوێندنەوەی دیوانی ئەحمەدی کۆر دەبیندرێ ئەو زاتە وشەی فارسی و عاڕەبی و لە زۆر جێیانیش ئایاتی قوڕئانی مەعنا و ڕاڤە کردووە. ئەگەر ئەو لە چاردەساڵاندا کوێر بووبێ چۆن بووە ئەمانەی لە شیعرەکانیدا کوتووە؟
وەڵام – ئەحمەدی کۆر هەتا تەمەنی چاردە ساڵان چاوی دیتوویەتی. لەم ماوەیەدا لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و فەقێکان هاموشۆی بووە. دەگێڕنەوە لە سەردەمی مامۆستا مەلا شەفیعدا یان لە پێش سەردەمی مەلا شەفیعدا زۆر کات لە حوجرەی فەقێیان بووە و لەگەڵ فەقێکان هەڵسوکەوتی بووە و فەقێکان خۆشیان ویستووە؛ دیارە زۆر شتیان لێ فێر بووە. هێندێک کەسیش دەڵێن ئەو کاتەی بە کوێری چۆتە عێڕاق و چاوساغەکەی خۆی لێ‌شاردۆتەوە و خدری زیندە بە هاوارییەوە هاتووە. خدری زیندە بۆی پاڕاوەتەوە و فوویەکی لە زاری کردووە و پێی کوتووە بڕۆ لەو کاتەوە بەولاوە شیعر بە پێغەمبەری خودا هەڵبڵێ و ئەو هەمووە زانیارییەی بەوە وەدەس کەوتووە و دەستی کردووە بە پەسنی پێغەمبەر و پێداهەڵکوتنی و زۆربەی شیعرەکانی هەر لەو بارەوەن و بە وتەی ئەهلی عیرفان فنافی النبی بووە. لێرەدا بۆ سەلماندنی ئەو وتەیە قەسیدەیەکی ئەحمەدی کۆر کە لە پەسن و مەدحی پێغەمبەردا کوتوویەتی دێنینەوە:
کاینات
ئەی شەفیعی زەنب و عیسیان ڕەحمەتی بۆ عاڕەسات

هـەر لە ئەووەڵ تا بە ئاخر باعیسی بۆ مومکینات

هەر لە ڕۆژی ئەووەڵینی، پادشای مەککە و مەدینی

مەرهەمی جەرح و برینی، سەیدی فەخری کاینات

سەیدی فەخری کایناتی، ئەووەڵ تۆ بووی ئاخر هاتی

ڕۆشنی سەر ڕووی بیساتی، هیوای ڕۆژی عاڕەسات

هیوای ڕۆژی توند و تاڵی، بە شەوکەت و خۆش جەماڵی

نووری سونعی لایەزالی، قوڕئانت بۆ هات بە خەڵات

قوڕئانت بۆ هات بە کەڕەم، تورک و تات و ڕۆم و عەجەم

دنیا سەراسەر زۆر و کەم، سەرپاکی کەوتنە خاکی پات

پاک لە ژێر پێتدا کووژاون، شێخ و شاب و پیر و لاون

پاک بە عیشقی تۆ سووتاون، ساحیبی کەشف و کەڕامات

ساحیبی عەقڵ و شعووری، بە زاهیر دەڵێی بلووری

بە باتین پارچێک لە نووری، ئەی شافیعی ڕۆژی مەمات

شافیعی ڕۆژی ئاخرەتێ، خۆڵقای لە نووری قودرەتێ

شیفاخوازی بۆ ئوممەتێ، سەرداری کوللی مەخلووقات

بۆ مەخلووقات تۆ سەرداری، شیوەن و گریان و زاری

هیچ کەس نییە غەیرەز باری، مەگەر هەر ئەو ڕەحمێ بکات

ڕەحمێکم پێ‌بکەی خودایە، جاهیل و فەقێ و مەلایە

هەرکەس دەفتەری لە لایە، ڕەببی من چیم لێ‌بەسەر هات

چم بەسەر هات لە دنیایە، ئەوی چاندم لە مەزرایە

هەر چەند دەکەم وەکۆ نایە، ڕەببی تۆی ساحیب دەسەڵات

ڕەببی زوو بێی بە فریادم، خۆت بپرسی عەرز و دادم

بەشکم حاسڵ بێ مرادم، بە جارێکی بمدەی نەجات

بە جارێک نەجاتم نابێ، لە ڕۆژی یەومولحیسابێ

خێر و شەڕ سەربەسەر نابێ، نامێنێ مەیلی برات

چۆن دەمێنێ مەیلی بابت، لەبەر میزان و حیسابت

لە بەهەشت و لە عەزابت، دڵیان غەمگینە مەخلووقات

مەخلووقات دڵیان غەمگینە، ئاگری دۆزەخ بە تینە

کوا «محەممەد» شای مەدینە، بێ‌ عیلاجێکمان بکات

عیلاجمان ناکرێ بەو حاڵە، ئەو دڵەی پڕ لە خەیاڵە

دایم پڕ لە ئاهە و ناڵە، بۆتە تەیرێکی بێ‌قینات

تەیرێکی بێ‌پەڕ و باڵم، تەن سووتاوە وەک زوخاڵم

ئەودەمەی خۆش بێ بە حاڵم، تێر بکەم سەیری باڵات

سەیری باڵات کە مەفتوولە، بە ئیسمت قەسەم ڕەسوولە

بە سەگی خۆتم کە قەبوولە، بۆ پاسەوانی درگات

من پاسەوانی درگاتم، تا لە دونیا بێ حەیاتم

مونتەزیری خاکی پاتم، چون مەتڵەبم حاسڵ دەکات

لێی‌دەبێ حاسڵ مرادە، هەرچی کردم لە دنیادا

زەڕڕەیەک نەفعم بۆ نادا، عومری درێژم چوو بە بات

چوو بە با عومری درازم، هەر ئەتۆی قەست و نیازم

مەتڵەبێکت لێ‌دەخوازم، قەترەیەک ئاوی حەیات

پێم عەتا کە نووری چاوە، جان فیدات بێ جیسم و ناوە

«ئەحمەدی کۆر» بۆت سووتاوە، ئارەزوویە خاکی پات

دەسکەوت و ئاکامی ئەم وتارە:
شێخ ئەحمەدی کۆر شاعیر و خواناسێکی گەورە بووە کە مایەی شانازی بۆ خەڵکی شاری شنۆ و دەوروبەر و هەروەها خەڵکی شاری بۆکان و ناوچەکەیەتی. لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر ژیانی ئەم پیاوە گەورانە ئەرکی سەرشانی هەموو شاعیر و توێژەر و ئەدیبێکە و ڕێزلێنانیان لە لایەن ئەنجومەن و بنکە ئەدەبییەکان و وەزاڕەتی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی و ئەنجومەنی مەفاخیری میللی و شووڕاکانی ئیسلامی پێویستە و دەبێ هەوڵ بدرێ شوێنەوارەکان و ئەو شیعرانەی کوتوویانە بدۆزرێنەوە و چاپ بکرێن. لێرەدا ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی ئەدەبی شاری شنۆ بۆ باشتر ناساندن و ڕێزلێنان لەم بلیمەت و خواناسە گەورە زۆر پیرۆز و بە نرخە و ئەنجومەن و بنکە و ڕێکخراوەکان دەبێ ئەم کارە بکەن بە سەرمەشق و ئەوانیش بۆ ڕێزلێنان و توێژینەوە لەبارەی شاعیران و ئەدیبان و گەورە پیاوانی مەڵبەندی خۆیان تێبکۆشن و بە تایبەت لەبارەی ئەم هونەرمەند و شاعیر و ئەدیبانەی نەناسراون بۆ گردەوەکۆیی شوێنەوارەکانیان و ڕێزلێنانیان هەوڵ بدەن.
سەرچاوەکان:
۱- دیوانی ئەحمەدی کۆر، گردەوەکۆیی مەلا عەزیز داشبەندی
۲- ئەحمەدی کۆر و زانایانی عەمبار، لێکۆڵینەوە و گردەوەکۆیی مەلا مستەفا ڕەشیدی(زاواکێو)
۳- شاعیرانی عارفی کورد توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی مستەفا ئێلخانی‌زادە
۴- قوڕئانی مەجید

 

One Response “وتارێک لە بارەی شاعیر و عارفی عاشق ئەحمەدی کۆر /مستەفا ئێلخانی زادە”

  1. ئە نوەر خەییات
    اسفند ۱۸, ۱۳۹۴ at ۱۷:۰۵

    سپاس بو تێکوشان و هوڵدانتان بو نەفە وتاندنی مێژوی ئایینی وڵاتەکەمان و زۆر شتیکی دیکە…. بەڵام خۆزگە وێنەیەکی گومبەزەکەشتان دانابوایە.ئەنوەر خە ییات لە لەداییک بوی عەمبار و دانیشتوی ئێستای شاری سنە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

More Stories From وتار

About فێرگەی زمانی کوردی و ئەدەبیاتی منداڵانی ئەدەب,

مامۆستا مستەفای ئێلخانی زادە لە دایک بووی ساڵی 1324 کۆچی ھەتاوی بەڕێوەبەری فێرگە ی زمانی کوردی و ئەدەبیاتی منداڵانی ئدەب. ساڵیانێکی دوور و درێژە چالاکی زمانەوانی و وەرگێڕان و ئەدەبیاتی منداڵان دکا. ھێستا ئەژمارێکی زۆری کتێب لە بواری ئەدەبیات و زمانەوانی دا پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە.